سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-03-13:04:00 - کۆدی بابەت: 6479
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ناوه‌ڕۆك

سازمانی خەبات

سازمانى خه‌باتى كوردستانى ئێران یه‌كێكه‌ له‌ هێزه‌ ناسراوه‌كانى كوردستانى ئێران كه‌ له‌ ساڵى (١٩٨٠) زایینى له‌سه‌ر ده‌ستى (سه‌ید جەلالەدین حسێنى) دامه‌زرا، ئه‌م هێزه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك هیزێكى ئیسلامى هاته‌ ئاراوه‌ به‌ ناوى (سازمانى خه‌باتى نه‌ته‌وایه‌تى و ئیسلامى كوردستانى ئێران) به‌ڵام له‌ دواییدا و له‌به‌ر هه‌لومه‌رجى ئه‌و كاته‌ گۆرِا به‌ (سازمانى خه‌باتى كوردستانى ئێران)، وه‌ له‌دواى زیاتر له‌ (٣٠) ساڵ تێكۆشان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م ڕژێمه‌، كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت و سه‌روه‌رى گه‌وره‌ى به‌ده‌ست هێناوه‌، وه‌ ئێستاش دواى كۆنگره‌ى چواره‌م (بابه‌شێخى حوسێنى) به‌سكرتێر هه‌ڵبژێردرا، حیزبەکە تێدەکۆشێ بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ھەڵبژێردراو و دیموکراتیک و پەرلەمانی لە کوردستاندا، کە مافی ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەب و رەگەزەکان بپارێزێ. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەستەبەرکرانی مافی دیاری کردنی چارەنووسی پێ پەسەندە، بەڵام لە ئێستادا دەستەبەرکرانی خۆبەڕێوبەری لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیک و پەرلەمانی بە ڕەوا دەزانێت. سازمانی خەباتی کوردستان، باوەڕی وایە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسادانان کەڵکی لێ وەرگیرێ، و دەبێ مافی ئایینەکان و بیروبۆچوونەکانی دیکە لە کوردستان لە بەرچاو بگیرێ. درووشمی ڕووخانی ڕژێم یەکێک لە درووشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانی سازمانی خەباتە.

مێژوو

لەدواى هێرشی پاسدار و ئەرتەشی بەکرێگیراو بۆسەر کوردستان و کوشت و بڕی خەڵکى کوردستان بە تاوانى دژى ئینقلاب و دژى ئیسلام، بڕیاری جەماوەرى کوردستان بۆ دیفاع لە نیشتمان و تێکۆشان بۆ هاتنە دیی ئامانجە رەواکان و ئازادى، ژمارەیێک لە مامۆستایانى ئایینى و کەسایەتیە تێکۆشەرەکانى کوردستان کە پێشتر لەژێر ناوى دەفتەری مامۆستا شێخ عزالدین دا چالاکیی سیاسی نیزامیان ئەنجام ئەدا، بیریان لە پێک هێنانى سازمانێکى سیاسیی نەتەوەیی و ئیسلامى کردەوە کە بە بۆچوونێکى جیاواز لە رێبازى هێزو لایەنەکانى دیکەى گۆڕەپانى خەبات بێتە مەیدان و پەرچەمدار و پێشڕەوى ئەو جەماوەرە بێ کە خاوەنى بیرێکى نەتەوەیی و ئیسلامین، هەربۆیە لە ٥ى خەرمانانى ساڵى ١٣٥٩ى کۆچی خۆری بەرانبەر بە ٢٧ ئەگۆستى ١٩٨٠ى زایینى، پێکهاتنى سازمانى خەباتى نەتەوایەتى و ئیسلامیی کوردستانى ئێران (خەبات)یان راگەیاند.

بە راگەیاندنى سازمانى خەبات، خاوەن بیرانى ئەو رێبازەو بەشێکى بەرچاو لە جەماوەرى کوردستان دڵخۆش و هیواداربوون. خەڵک بەزوویی پێشوازى گەرمى لە سازمانى خەبات کرد، لە چەندین شار و ناوچە لە باکوور تا باشوورى کوردستانى ئێران بنکە و رێکخراوەکانى سازمان داندران و کادر و پێشمەرگەکانى سەرەڕاى کەند و کۆسبى زۆر هەڵسووڕانى سیاسی نیزامیان لە بەرانبەر هێزە بەکرێگیراوەکانى رژیمى ئاخوندیدا دەست پێ کرد. بەڵام بەداخەوە بە هۆى کۆسپ و تەگەرەى جیاجیا کە خرانە سەر رێگەى کار و چالاکى کادر و پێشمەرگەکان، سازمانى خەبات نەیتوانى وەک پێویست ئەرک و کارە تەبلیغى و تەشکیلاتیەکانى ئەنجام بدا. هەر بۆیە ناچار بوو بۆ پەرە پێ دانى سیاسەت و هەڵوێستى سەربەخۆ و بێ لایەنانەى خۆى هێندێک ناوچەى کوردستان بە نهێنى هەڵسووڕێ.
سەرەڕاى بوونى ئەو گشتە کۆسپ و تەگەرانە بەخۆشیەوە سازمانى خەبات توانیى بەرەو پێش بچێ و سەربەخۆیی سیاسى و تەشکیلاتیى خۆى بپارێزى و لەماوەى ٣٠ ساڵ مەوجوودیەتى لە مەیدانى خەباتدا، ئەرکە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى بەڕاستى و پاکى و دوور لە هەر جۆرە خەیانەت و هەڵەیێک بەجێ بێنێ. سازمانى خەبات واقعییەت و ماهییەتى رژیمى ناسیوە و هەربۆیە درووشمى رووخانى رژیم یەکێک لە درووشمە سەرەکى و نەگۆڕەکانیەتى.

سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران لەم کۆنگرەى چوارەمەدا، مەسەلە چارەنووس سازەکان و هەل و مەرجى خەباتى ئازادیخوازى گەلى کورد و گەلانى ئێران، بە پێى وەزعى سیاسى ئێران و وەزعى سیاسى جیهان و بوونى وەڵاتانى رۆژئاوا لە نزیک سنوورەکانى ئێران و گەڵاڵە ئەتۆمیە مەترسیدارەکانى رژیمى ئاخوندى کە لەوانەیە ببێتە هۆى روودانى جەنگێکى نوێ لە دژى ئەو رژیمەى هێناوەتە بەرلێکۆڵینەوە.
کۆنگرەى چوارەمى سازمانى خەبات ى کوردستانى ئێران، بە هەست کردن بە ئاڵ و گۆڕە سیاسیەکان و لێکدانەوەى دروست و بە چاوخشاندن بە کار و چالاکیەکانى سازمان لە ساڵانى رابردوودا، بڕیارى بە جێ و شیاو لە سەر ئاڵ و گۆڕى بنەڕەتى لە بەرنامە و پەیرەوى ناوخۆیی سازمان پەسەند دەکا.

په‌یره‌و و پرۆگرامى سازمانى خه‌بات ى كوردستانى ئێران

په‌یره‌و و پرۆگرامی سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران (په‌سه‌ندكراوی كۆنگره‌ی پێنجه‌م)

سه‌ره‌تا الف ـ دوای شه‌رِی چاڵدران له‌نێوان عوسمانیه‌كان و شاسمایلی سه‌فه‌وی كه‌ له‌٢٣ی ئووتی ١٥١٤دا رووی دا، زۆرینه‌ی كورده‌ سوننیه‌كان پشتیوانیان له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی كرد و له‌شكری شا سمایل شكستی هێنا، به‌لام دوای شكستی هێزی شاسمایل دژمنایه‌تی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ درێژه‌ی كیشا، تا له‌ساڵی ١٦٣٩ ز، په‌یمانی (زه‌هاو) دابه‌شكردنی كوردستان له‌نێوان ئه‌و دوو بێگانه‌دا مۆر كرا. به‌شی زۆری كوردستان كه‌وته‌ به‌ر ده‌سه‌لاتی عوسمانی و به‌شی كه‌متری كه‌ كوردستانی ئێستای ئێرانه‌، كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌لاتی سه‌فه‌وییه‌كان و كوردی یه‌ك زمان و یه‌ك ره‌گه‌ز و یه‌ك فه‌رهه‌نگ و ...

یه‌ك كه‌له‌پوور، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی رازی بێ، دابه‌ش كرا له‌نێوان دوو ئیمپراتوری جیاوازدا. له‌ شه‌رِی جیهانی یه‌كه‌م دا، بۆ دووهه‌مجار ئه‌و به‌شه‌ له‌خاكی كوردستان كه‌ به‌ ئیمپراتوری عوسمانی بوو، به‌ پێی په‌یمانی سایكس بیكۆ له‌ ١٩١٦دا كرا به‌ سێ به‌ش، به‌شێك به‌ر سوریه‌ كه‌وت، به‌شێك به‌ر توركیه‌ و به‌شێكیش به‌ عێراقه‌وه‌ لكێندرا.

له‌ دابه‌ش كرانی یه‌كه‌مه‌وه‌ كورد به‌ ته‌واوی هه‌ستی به‌ بێ به‌شی كرد، هه‌ستی ئازادیخوازیی رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ده‌بوو به‌تایبه‌ت كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر دوو داگیركه‌ره‌وه‌ به‌بێ ره‌حمانه‌ ده‌چه‌وساوه‌ و سه‌ركوت ده‌كرا. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌ستیان دایه‌ راگواستنی به‌شێك له‌ هۆزه‌ كورده‌كان به‌ره‌و ناوچه‌ دووره‌كان، عوسمانیه‌كان به‌ره‌و ئه‌رزه‌رۆم و ئه‌ناتۆڵی و سه‌فه‌وییه‌كان به‌ره‌ و خوراسان كه‌ زۆربه‌یان دوای چه‌ند سه‌ده‌، زمان و فه‌رهه‌نگ و ره‌گه‌زی خۆیان لێ وون نه‌بووه‌و هه‌ر نه‌فرین ده‌نێرن بۆ ئه‌وانه‌ی رایان گواستن. گه‌لی كوردستان له‌دوای دابه‌شكرانی به‌سه‌ر چه‌ند وه‌لاتدا، وه‌ك غه‌واره‌و گه‌لی بێ به‌ش و جێی گومان چاویان لێكراو ئه‌و روانینه‌ ناحه‌زو ناپه‌سه‌نده‌ی داگیركه‌ران، له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو، وای كرد كه‌ كورد ده‌ست بداته‌ خه‌بات، له‌ به‌رانبه‌ر سته‌مء داگیركاریدا، به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌بات و فیداكارییه‌ له‌ماوه‌ی١٠٠ ساڵی رابردوودا، ده‌یان هه‌زار قوربانیی لێكوتۆته‌وه‌و ده‌ربه‌ده‌ری و ماڵ وێرانی و بێ سه‌ر و شوێن بوونی كوردی به‌دواوه‌ بووه‌. سته‌م و درِنده‌یی ده‌سه‌لاتداره‌ خۆبه‌ زل زان و ملهورِه‌كان له‌دژی كورد و تێكرِای دانیشتوانی ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌، به‌رِاده‌یێكه‌ كه‌ دڵی هه‌ر مرۆڤێكی خاوه‌ن هه‌ست ده‌ته‌زێنێ. وه‌ك سه‌ركوتی شۆرشه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ ره‌زای ده‌رسیم و به‌ند و ته‌بعید كرانی شێخ عه‌بدولا نه‌هری و راگواستن و كوژرانی هه‌زاران كه‌س له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ توركیه‌. هه‌روه‌ها وێرانكردنی ٤٠٠٠ دێی كوردستانی عێراق و كاره‌ساتی دڵته‌زێنی ئه‌نفال كه‌ له‌لایه‌ن رژیمی عێراق به‌رِێوه‌چوو، و تیایدا نزیكه‌ی ١٨٢ هه‌زار كورد بێ سه‌ر و شوێن كرا و شاری هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌ند گوند له‌لایه‌ن رژیمی پێشووی عێراقه‌وه‌ كیمیاباران كرا و پێنج هه‌زار كه‌س تیایدا له‌ناو چوون. له‌ئێرانیشدا وێران كردن و كاولكردنی شارو دێ كان و قه‌تل و عامی هاونیشتمانانی كورد له‌ نه‌غه‌ده‌و قارنه‌ و قه‌لاتان و سۆفیان و ووسوكه‌ند و ساروقامیش و ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵ و بێ به‌زه‌ییانه‌ی پیرو لاوی كورد به‌ فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینی و قازیه‌ به‌ناو شه‌رعیه‌كانی و ئێعدامی سه‌دان مرۆڤی شورِشگێری كورد له‌ماوه‌ی نزیك به‌ مانگێك له‌ساڵی ١٣٦٧ی كۆچی خۆری، ته‌نیا به‌ تاوانی بوونی پێوه‌ندی به‌ هێزه‌ شۆرِشگێرِه‌كان، داواكردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌روه‌ها ترۆری ده‌یان تێكۆشه‌ری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و نووسه‌ر و رووناكبیر، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌. له‌ وه‌لاتی سوریه‌ رێژیمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به‌ خراپترین شێوه‌ سه‌ركوت كردوه‌ و حاشا له‌ بوونی كراوه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ دوای هاتنه‌ سه‌ركاری حافیز ئه‌سه‌د هیچ جۆره‌ مافێك به‌ كورد به‌ ره‌وا نه‌بیندراوه‌ و تا ئێستاش به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ مافی ناسنامه‌ بێ به‌شه‌ و به‌شێكی به‌رچاو له‌ نیشتمانه‌كه‌ی وه‌ك عه‌فرین و كوبانی و زه‌هریه‌ و ئه‌حمه‌دیه‌ له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ راگواستنی زۆره‌ ملی كوردیات تێدا كراوه‌. ئه‌وانه‌ و ده‌یان نموونه‌ و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری دیكه‌ له‌سه‌ر سته‌مگه‌ری و ملهورِیی داگیركه‌ران و ده‌سه‌لاته‌ نامه‌شروعه‌كان هه‌ن كه‌ ئه‌و سته‌مگه‌رییانه‌ به‌ڵگه‌ن بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ی كه‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری كورد بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی، خه‌باتێكی ره‌واو مه‌شروعه‌. به‌پێی ده‌ستووری ئیسلامی پیرۆز و باقی ئایینه‌ ئاسمانیه‌كان و سه‌رجه‌م یاسا مرۆییه‌كان، راوه‌ستان له‌ به‌رانبه‌ر زاڵم و ته‌عه‌داكار ئه‌ركێكی پێویسته‌ و نه‌ته‌وه‌ و مرۆڤه‌كان هاندراون بۆ رزگار بوونیان له‌ ده‌ست سته‌م، خه‌بات بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن زوڵمیان لێ بكرێ. ب ـ گه‌لی كورد كه‌ گه‌لێكی خاوه‌ن مێژووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌یه‌ و له‌ نیشتمانی خۆیدا ژیاوه‌، مافی ره‌وای خۆیه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ر كرانی ماف و ئازادیه‌كانی تێبكۆشێ و له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو تواناو رێگه‌ درووست و ره‌واكان بۆ خه‌بات كردن تا هاتنه‌ دیی ئامانجه‌كانی، به‌كار بێنێ. گه‌لی كورد ده‌بێ به‌ هه‌وڵی سیاسی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و ته‌بلیغات، سه‌رنجی رای گشتیی جیهانی و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ خاوه‌ن هێزه‌كان و ناوه‌نده‌كانی پارێزه‌ری مافی مرۆڤـ و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راكێشێ بۆ پشتیوانی له‌ خه‌باتی ره‌وای خۆی. ج ـ گه‌لی كورد حه‌قی خۆیه‌تی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یێكی مێژوویی و خاوه‌ن توانا، ده‌وری له‌ به‌رِێوه‌بردن و ئیداره‌كردنی له‌ ئێراندا هه‌بێ و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نیشتمانی خۆیدا به‌خۆی بێ و ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتداری ناوه‌ندی ، له‌جیات سه‌ركوتی كورد و داگیركردنی كوردستان و مۆڵدانی هێزی سه‌ربازی، هاوكاریی كورد بكا بۆ ئه‌وه‌ی نیشتمانیان گه‌شه‌ پێ بده‌ن له‌ هه‌موو بارێكه‌وه‌. د ـ گه‌لی كورد له‌ كوردستانی ئێران، له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ ژێرده‌ستی كرد، خه‌بات و تێكۆشانی بێ ووچانی به‌رامبه‌ر به‌ داگیركه‌ران درێژه‌ پێ داوه‌. له‌ شۆرِشی گه‌لانی ئێران دژبه‌ رژیمی پاشایه‌تی له‌ساڵی ١٣٥٧ی كۆچی خۆریدا، تێكرِای خاوه‌ن باوه‌رِان به‌ ئازادی له‌و شۆرِشه‌دا به‌شدار بوون و گه‌لی كوردیش ده‌ورێكی كاریگه‌ر و سه‌ره‌كیی هه‌بوو له‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و شۆرِشه‌دا و له‌ راماڵینی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی له‌كوردستاندا. ئه‌و خه‌بات و راپه‌رِینه‌ یه‌كگرتووه‌ی خه‌ڵكی ئێران به‌ كورد و فارس و تورك و عه‌ره‌ب و بلوچ و باقی قه‌وم و دین و مه‌زهه‌ب و بیروبۆچوونه‌كان به‌و ئامانجه‌ بوو كه‌ ئیتر به‌ یه‌كجاری كۆتایی به‌ سته‌م و بێ عه‌داڵه‌تی دێ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌ ئێراندا به‌ مافه‌ ره‌واكانیان ده‌گه‌ن. ه ـ به‌رهه‌می راپه‌رِینی ١٣٥٧ی گه‌لانی ئێران له‌لایه‌ن خومه‌ینی و په‌یره‌وانیه‌وه‌ و به‌ هێنانه‌ مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتێكی تاكرِه‌وانه‌ و غه‌یره‌ دیموكراتیك و ناره‌وا، له‌ژێرناوی پیرۆزی ئیسلامدا به‌فیرۆ درا، خه‌ڵكی ئێران به‌ تێكرِا و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت بۆئه‌وه‌ی به‌ری ره‌نج و خوێنی شه‌هیدان له‌ فه‌وتان و له‌ ناوچوون رزگار بكه‌ن كه‌وتنه‌ خۆ، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ سه‌رانسه‌ری ئێران و كوردستان له‌ ساڵی ١٣٥٨ی كۆچی خۆری به‌دواوه‌، جه‌ماوه‌ر به‌ رێپێوان و نارِه‌زایه‌تی، بێزارییان له‌ ده‌سه‌ڵاتی نوێ ئاشكرا كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ، له‌جیات وه‌ڵامی به‌ڵێ بۆ داوای جه‌ماوه‌ری راپه‌رِیو و بێزار له‌سته‌م، به‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ركوت، بێ به‌زه‌ییانه‌ كه‌وتنه‌ گیان خه‌ڵك و میتینگ و نارِه‌زایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییان دایه‌ به‌ر په‌لامار و هه‌زاران كه‌سیان راپێچی زیندان و چاڵه‌رِه‌شه‌كان كرد و ده‌یان رۆڵه‌ی تێكۆشه‌ریان له‌ژێر شكه‌نجه‌دا شه‌هید كرد و سه‌رله‌نوێ زیندانه‌ چۆڵ كراوه‌كانیان به‌ رۆڵه‌ تێكۆشه‌ر و ئازادیخوازه‌كان، ئاوه‌دان كرده‌وه‌. گه‌لی چه‌وساوه‌ی كورد له‌ كوردستانی ئێران ئومێدواربوو به‌ رووخانی رژیمی په‌هله‌وی، كۆتایی به‌ ره‌نج و مه‌ینه‌تی ده‌یان ساڵه‌ی بێ، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو، رووبه‌رِووی سته‌مێكی تاقه‌ت پرِوكێنتر و درِندانه‌تر بوه‌وه‌. سه‌ره‌رِای سته‌مه‌ بێ به‌زه‌ییانه‌كان، گه‌لی كورد به‌رده‌وام داوای ئاشتی و لێك تێگه‌یشتنی كردوه‌. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی بۆ ووت ووێژ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیم دیاری كرد. هه‌یئه‌ته‌كانی نوێنه‌رایه‌تی كورد زۆربه‌ جیددی هه‌وڵیان دا كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران رازی بكه‌ن مافه‌ ره‌واكانی كورد بسه‌لمێنن. به‌ڵام ئاخونده‌كان له‌ وه‌ڵامی داوا ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان دا ده‌ستیان دایه‌ هه‌رِه‌شه‌ و چاو سوور كردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستی غه‌یره‌ دیموكراتی و هێرشی نیزامی بوونه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگێكی خوێناوی و ناچار كردنی گه‌لی كوردستان به‌ دیفاع له‌ خۆی و نیشتمانی. به‌ فه‌رمانی جیهاد جه‌نگی نارِه‌وای خومه‌ینی له‌ دژی خه‌ڵكی كورد ده‌ستی پێ كرد و پاسدار و باقی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان و خه‌ڵخاڵی ی جه‌للاد و به‌ناو قازی شه‌رع ره‌وانه‌ی كوردستان كرا، كه‌ چۆنی پێی خۆش بێ و چه‌نده‌ حه‌زی لێ بێ درِندانه‌ لاو و پیری كوردستان بنێرێته‌ مه‌یدانه‌كانی گولله‌باران و مه‌رگ. خه‌ڵخاڵی له‌ماوی چه‌ند رۆژدا، ده‌یان لاو و پیری كوردی شه‌هید و به‌و جینایه‌ته‌ی لاپه‌رِه‌یێكی ره‌ش و قێزه‌ونی بۆ ده‌سه‌ڵاتداریی ئاخونده‌كان تۆمار كرد، كه‌ تا ژیان ده‌مێنێ، له‌بیر كورد و ئازادیخوازان ناچێته‌وه‌. هێرشی پاسداره‌ به‌كرێگیراوه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان و سوتاندن و وێران كردنی چه‌ندین شارو دێی كوردستان و هه‌رِه‌شه‌ و كوشتن و زیندانی كردنی لاوه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ ئازادیخوازه‌كان، جه‌ماوه‌ری كوردستانی ناچار كرد بۆ دیفاع له‌خۆیان و پارێزگاری له‌ نیشتمانیان، ده‌ست بده‌نه‌ خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێ له‌به‌رانبه‌ر رژیمی ده‌سه‌ڵاتداری دژ به‌ ماف و ئازادی و دواكه‌وتووی ویلایه‌تی فه‌قیه‌. دیفاع كردنی جه‌ماوه‌ری كوردستان و هێزه‌ تێكۆشه‌ر و ئازادیخوازه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌ و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌لێك به‌رچاوتر و په‌ره‌گرتووتر بووه‌ له‌ ساڵانی رابردوو. و ـ له‌دوای هێرشی پاسدار و ئه‌رته‌شی به‌كرێگیراو بۆسه‌ر كوردستان و كوشت و برِی خه‌ڵكی كورد به‌ تاوانی دژی ئینقلاب و دژی ئیسلام، به‌ برِیاری جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ دیفاع له‌ نیشتمان و تێكۆشان بۆ هاتنه‌ دیی ئامانجه‌ ره‌واكان و ئازادی، ژماره‌یێك له‌ مامۆستایانی ئایینی و كه‌سایه‌تیه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان به‌ رێبه‌رایه‌تی مامۆستا سه‌یید جه‌لال الدین حوسێنی، كه‌ پێشتر له‌ژێر ناوی ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزالدین دا چالاكیی سیاسی نیزامیان ئه‌نجام ئه‌دا، بیریان له‌ پێك هێنانی سازمانێكی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ بۆچوونێكی جیاواز له‌ رێبازی هێزو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی گۆرِه‌پانی خه‌بات بێته‌ مه‌یدان و په‌رچه‌مدار و پێشرِه‌وی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بێ كه‌ خاوه‌نی بیرێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامین، هه‌ربۆیه‌ له‌ ٥ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٥٩ی كۆچی خۆری به‌رانبه‌ر به‌ ٢٧ ئه‌گۆستی ١٩٨٠ی زایینی، پێكهاتنی سازمانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامیی كوردستانی ئێران (خه‌بات)یان راگه‌یاند. ز ـ به‌ راگه‌یاندنی سازمانی خه‌بات، خاوه‌ن بیرانی ئه‌و رێبازه‌و به‌شێكی به‌رچاو له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان دڵخۆش و هیواداربوون. خه‌ڵك به‌زوویی پێشوازی گه‌رمی له‌ سازمانی خه‌بات كرد، له‌ چه‌ندین شار و ناوچه‌ له‌ باكوور تا باشووری كوردستانی ئێران بنكه‌ و رێكخراوه‌كانی سازمان داندران و كادر و پێشمه‌رگه‌كانی سه‌ره‌رِای كه‌ند و كۆسپی زۆر هه‌ڵسوورِانی سیاسی نیزامیان له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی رژیمی ئاخوندیدا ده‌ست پێ كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی جیاجیا كه‌ له‌لایه‌ن هێزو لایه‌نه‌كانی دیكه‌، خرانه‌ سه‌ر رێگه‌ی كار و چالاكی كادر و پێشمه‌رگه‌كان، سازمانی خه‌بات نه‌یتوانی وه‌ك پێویست ئه‌رك و كاره‌ ته‌بلیغی و ته‌شكیلاتیه‌كانی ئه‌نجام بدا. هه‌ر بۆیه‌ ناچار بوو بۆ په‌ره‌ پێ دانی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌خۆ و بێ لایه‌نانه‌ی خۆی له‌ هێندێك ناوچه‌ی كوردستان به‌ نهێنی هه‌ڵسوورِێ. ح ـ سه‌ره‌رِای بوونی ئه‌و گشته‌ كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ به‌خۆشیه‌وه‌ سازمانی خه‌بات توانی به‌ره‌و پێش بچێ و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ته‌شكیلاتیی خۆی بپارێزی و له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ ٣٣ ساڵ مه‌وجوودیه‌تی له‌ مه‌یدانی خه‌باتدا، ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌رِاستی و پاكی به‌جێ بێنێ. سازمانی خه‌بات واقعییه‌ت و ماهییه‌تی رژیمی ناسیوه‌ و هه‌ربۆیه‌ درووشمی رووخانی رژیم یه‌كێك له‌ درووشمه‌ سه‌ره‌كی و نه‌گۆرِه‌كانیه‌تی.

ی . سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێش چوون و هه‌ڵدانی خوێیدا و له‌ئاكامیئ هه‌ڵسه‌نگاندن و وردبونه‌وه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجی سه‌رده‌م و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌ ناو جه‌ماوه‌ری كوردستان دا، هه‌ستی به‌ پێویستی ئاڵ و گۆرِێكی بنه‌رِه‌تی هه‌بوو له‌ به‌رنامه‌ی كاری سیاسی و ستراتیژی خۆیدا.ئالوگۆرِێ بنه‌ره‌تی له‌ هه‌ڵوێستی سیاسی بۆ زیاتر به‌ره‌و پێش بردنی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كوردو گه‌شه‌ی زیاتر له‌ ناوه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كورد و كوردستاندا گۆرانێكی به‌ كه‌ڵكی له‌ خۆیدا پێك هێناو له‌ هه‌نگاوێكی گرینگدا و به‌ به‌راوردو لێكدانه‌وه‌ی راستی رێبه‌ری سازمان و به‌ راوێژكردن له‌گه‌ڵ دلسۆزانی سازمانی خه‌بات به‌وه‌ی كه‌ گۆرانێكی گرینگ و به‌ كه‌ڵك له‌ ئامانج و خه‌تی سیاسی پێك بێنێ، وای كرد كه‌ له‌ كۆنگره‌ی سێهه‌مدا، به‌ برِیارێكی ژیرانه‌، ستراتیژێكى نه‌ته‌وه‌یی په‌یرِه‌و بكات و بایه‌خ و پێویستی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان، وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی ده‌ست نیشان كرد و له‌كۆنگره‌ی چواره‌می دا له‌ سه‌ر ئه‌م ستراتیژی و سیاسه‌ته‌ پێداگری كرده‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌میش دا ئه‌و رێرِه‌وه‌ وه‌ك خه‌تێكی گشتی و كاریگه‌ر و گرینگ ده‌ست نیشان كرایه‌وه‌.

گ ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران له‌م كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌دا، مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس سازه‌كان و هه‌ل و مه‌رجی خه‌باتی ئازادیخوازی گه‌لی كورد و باقی گه‌لانی ئێران، به‌ پێی وه‌زعی سیاسی ئێران و وه‌زعی سیاسی جیهان و بوونی وه‌ڵاتانی رۆژئاوا له‌ نزیك سنووره‌كانی ئێران و گه‌ڵاڵه‌ ئه‌تۆمیه‌ مه‌ترسیداره‌كانی رژیمی ئاخوندی كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی گه‌مارۆی زیاتری ئابووری یان روودانی جه‌نگێكی نوێ له‌ دژی ئه‌و رژیمه‌ی هێناوه‌ته‌ به‌رلێكۆڵینه‌وه‌. كۆنگره‌ی پێنجه‌می سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران، به‌ هه‌ست كردن به‌ ئاڵ و گۆرِه‌ سیاسیه‌كان و لێكدانه‌وه‌ی دروست و به‌ چاوخشاندن به‌ كار و چالاكیه‌كانی سازمان له‌ ساڵانی رابردوودا، برِیاری به‌ جێ و شیاو له‌ سه‌ر ئاڵ و گۆرِی بنه‌رِه‌تی له‌ به‌رنامه‌ و په‌یره‌وی ناوخۆیی سازمان په‌سه‌ند ده‌كا.

ئامانجه‌ گشتیه‌كان

الف ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران تێ ده‌كۆشێ بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراو و دیموكراتیك و پارلمانی له‌ كوردستاندا، كه‌ مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایین و مه‌زهه‌ب و ره‌گه‌زه‌كان بپارێزێ. ب ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران ده‌سته‌به‌ركرانی مافی دیاری كردنی چاره‌نووسی پێ په‌سه‌نده‌، بۆ ئێستا ده‌سته‌به‌ركرانی خودموختاری له‌چوارچێوه‌ی ئێرانێكی دیموكراتیك و پارڵمانی به‌ ره‌وا ده‌زانێ و هه‌وڵی بۆ ده‌دا. ج ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستان، باوه‌رِی وایه‌ كه‌ دینی ئیسلام وه‌ك یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی قانوون دانان كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرێ، و ده‌بێ مافی ئه‌دیان و بیروبۆچوونه‌كانی دیكه‌ له‌ كوردستان له‌ به‌رچاو بگیرێ، به‌و شێوه‌یه‌ی پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی نه‌بێ. د ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران هاوكاری و ته‌بایی له‌نێوان هێزه‌ كوردستانیه‌كان وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی خه‌بات كردن ده‌زانێ، هه‌روه‌ها ئاماده‌یه‌ بۆ پێك هێنانی هه‌رشێوه‌ به‌ره‌و هاوكاری و ته‌بایێك كه‌ ده‌بێته‌ هۆی رووخانی رژیمی ئاخوندی و ده‌سته‌به‌ركرانی مافی دانیشتوانی كوردستان. ه ـ سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران هاوكاری و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ هێزه‌ سه‌رانسه‌ریه‌ شۆرِشگێرِه‌ ئێرانیه‌كانی پێ كارێكی په‌سه‌ند و به‌كه‌ڵكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای رووخانی رژیمی ده‌سه‌ڵاتداری ئاخوندی به‌ هاوكاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ئێرانێكی ئازاد، دامه‌زراویی و پێشكه‌وتن و زانست و سه‌نعه‌ت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تێكی دیموكراتیكدا جێ گیربێ و ئه‌و نزیكی و ته‌باییه‌ش ببێته‌ زامنێك بۆ كۆتایی هاتنی شه‌رِ و نابه‌رانبه‌ری و بۆ دابین كردنی یه‌كسانی و گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌ب و چینه‌كان به‌مافی ره‌واو شیاو. و ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران پشتیوانی له‌ هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لانی دیكه‌ی ئێران ده‌كا بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی ئێرانێكی ئازاد و دیموكراتیك دا به‌ بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی. ز ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران پشتیوانی جیهانی و ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤـ و رێكخراوه‌ به‌شه‌ردۆسته‌كان له‌ ماف و ئازادیه‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌كارێكی شیاو و پێویست ده‌زانێ و له‌و پێوه‌ندیه‌شدا ئاماده‌یه‌ هاوكاری پێویست له‌گه‌ڵ تێكرِای رێكخراوو ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان بكا. ح ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران ره‌گه‌زپه‌رستی و جیاوازیی ره‌گه‌زایه‌تی و ئایینی و مه‌زهه‌بی، مه‌حكووم ده‌كا و به‌ دوور له‌ ده‌ستووراتی ئیسلام و قانوون و بیرورِا په‌سنده‌كانی جیهانی ده‌زانێ. گ ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران پێی وایه‌ مندالان نه‌وه‌ی داهاتووی گه‌ل و ونیشتمانن، هه‌ر بۆیه‌ بۆ پرشنگدار كردنی داهاتووی كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ گرینگی به‌ منداڵ له‌ باری په‌روه‌رده‌ و بارهێنانه‌وه‌ بدرێ و هه‌موو پێداویستیه‌كانی بۆ دابین بكرێ و نابێ رێگه‌ بدرێ كه‌ منداڵ ببێته‌ ئامرازێك بۆ دابین كردنی بژێوی ژیان له‌ خانه‌واده‌دا و ده‌بێ به‌ دوور بگیردرێن له‌ كارگه‌لێكی قورس، كه‌ له‌ توانایدا نه‌بێ و رێگه‌ نه‌درێ له‌ ژێر هیچ ناوێكدا له‌گه‌ڵ منداڵ توندوتیژی به‌كار بهێندرێ. ك ـ ئافره‌تان له‌ جیهاندا به‌ گشتی و له‌ ئێران و كوردستان به‌تایبه‌ت به‌ به‌رده‌وامی ده‌چه‌وسێنه‌وه‌. له‌ماوه‌ی ده‌سه‌لاتی ئاخونده‌كاندا ئافره‌ت وه‌ك كالایێك چاوی لێ ده‌كرێ و بێ رێزیان پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ سازمانی خه‌بات و حكومه‌تی كوردستان یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرینگه‌كانیان، هاوكاری و پشتیوانیی ئافره‌تانه‌ بۆ رزگاربوونیان له‌دست سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌و ده‌بێ ئافره‌تان به‌گه‌رمی له‌ هه‌وڵی گه‌یشتنیان به‌ ئازادی و مافی به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاودابن و زانست و خوێندن بكه‌نه‌ به‌ردی بناغه‌ی كار و ژیانیان. ل ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران پێی وایه‌ لاوان بزوێنه‌ری جوڵه‌ و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگان، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی سازمانی خه‌بات و حكومه‌تی كوردستان گرینگی دان به‌و توێژه‌ بێت كه‌ له‌ رێژیمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستاندا به‌رده‌وام مافیان پێشێل كراوه‌. ك ـ سازمانی خه‌بات پاراستنی ژینگه‌ به‌ پێویست ده‌زانێ و له‌و باوه‌رِه‌دایه‌ حكومه‌تی داهاتووی كوردستان په‌ره‌ به‌ پاراستنی ژینگه‌ بدات. م ـ سازمانی خه‌بات باوه‌رِی به‌ ئازادی چاپه‌مه‌نی و رِاگه‌یاندن و بڵاو كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و پشتیوانی سه‌ندیكا و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ده‌كا له‌ چوارچێوه‌ی قانوونه‌كانی ئازادی و چاپه‌مه‌نی و راده‌ر برِین و پێی وایه‌ نابێ هیچ كه‌س له‌ سه‌ر ره‌خنه‌ و گازه‌نده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ بكرێ، مه‌گه‌ر حورمه‌تی كه‌سه‌كان بشكێنێ. ن ـ گه‌لی كورد گه‌لێكی ئاشتیخوازه‌و سازمانی خه‌بات باوه‌رِی وایه‌ ئازادی و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌بێ هه‌ر نه‌وعه‌ توندوتیژیێك و له‌رِێگه‌ی وتووێژو دانیشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ، به‌ڵام رژیمی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ له‌ به‌رانبه‌ر داوا ره‌واكانی گه‌لی كورددا، رێگه‌ی شه‌رِ و سه‌ركوتی گرته‌به‌ر و گه‌لی كوردی ناچار كردووه‌ بۆ دیفاع له‌خۆی ده‌ست بداته‌ خه‌بات و به‌ربه‌ره‌كانێ، هه‌ربۆیه‌ سازمانی خه‌بات باوه‌رِی وایه‌ ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی نامه‌شروعه‌و سه‌ركوت و چه‌وساندنه‌وه‌ی كردۆته‌ به‌ردی بناغه‌ی كاره‌كانی وه‌ پێی وایه‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئاخوندی جگه‌ له‌ زیان بۆ جووڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌لی كورد كه‌ڵكی نیه‌ و وتووێژ له‌گه‌ڵ ئه‌و رژیمه‌ رِه‌د ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خه‌باتی سیاسی، مه‌ده‌نی و ته‌شكیلاتی، خه‌باتی چه‌كداری به‌ پاڵپشتی جوڵانه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌زانی. س ـ سنوورو ناوچه‌كانی كوردستان به‌پێی به‌ڵگه‌ مێژووییه‌كان ده‌بێ دیاری بكرێ و هه‌ر شار و ناوچه‌یێك پرس و كێشه‌ی خاوه‌نداری له‌سه‌ره‌، ده‌بێ به‌ رِاپرسی گشتی له‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و شار و ناوچه‌یه‌ چاره‌نووسی دیاری بكرێ كه‌ سه‌ر به‌ كوردستانه‌ یان نا.

به‌رِێوه‌بردن و شێوه‌ی كاروباری ده‌وڵه‌ت

الف ـ كاروباری پێوه‌ند به‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌و ئه‌رته‌ش و هێزی پارێزگاری له‌ سنووره‌كان و سیستمی پووڵی و دامه‌زراندنی گه‌ڵاڵه‌و پرِۆژه‌ی درێژماوه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیه‌. له‌ هه‌ركام له‌و گه‌ڵاڵه‌و پرِۆژانه‌دا كه‌ راسته‌وخۆ پێوه‌ندیی به‌ گه‌لی كورده‌وه‌ بێ، ده‌بێ رازی بوونی پارله‌مانی كوردستان وه‌رگیرێ، یان له‌ راپرسیی گشتیدا جه‌ماوه‌ر ده‌نگ به‌ بوون یان نه‌بوونی بدا. ب ـ كاروباری به‌رِێوه‌بردنی كوردستان، وه‌ك قانوون دانان و دادوه‌ری و شێوه‌ی خوێندن و بارهێنان و كاروباری فه‌رهه‌نگی و پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تی كوردستانه‌. ج ـ ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی كوردستان له‌ئه‌ستۆی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌و پاراستنی سنووره‌ گشتیه‌كان به‌هێزی سه‌ربازیه‌و له‌ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا ده‌بێ. د ـ هاتن و راگواستنی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی (مه‌ركه‌زی) له‌ كوردستاندا، ده‌بێ به‌ ئاگاداری و له‌ژێر چاودێریی حكومه‌تی كوردستان و به‌ره‌زامه‌ندیی پارله‌مانی كوردستان بێ. ه ـ پارله‌مانی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێ و نوێنه‌ری هه‌موو چین و باوه‌رِه‌كانی تێدایه‌ و به‌رزترین ئۆرگانی قانوون دانانی كوردستانه‌و به‌رپرسه‌ له‌ دیاری كردنی حكومه‌ت و چاوه‌دێری و لبێپرسینه‌وه‌ی. ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی بۆی نیه‌ ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی كوردستان وه‌ربدا، چ له‌ دیاریكردنی به‌رپرس و به‌رِێوه‌به‌ردا و چ له‌پێوه‌ند به‌ ئیداره‌ كردندا، ده‌بێ حكوومه‌تی ناوه‌ندیی رێز بۆ برِیاری جه‌ماوه‌ر و پارلمانی كوردستان دابنێ. و ـ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته‌ ١٨ ساڵ مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌و له‌ ٢٥ساڵیه‌وه‌ مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی و چوون بۆ پارله‌مان هه‌یه‌و ده‌بێ كه‌سانی پاڵێوراو شاره‌زا، خوێنده‌وار، درووستكار و خزمه‌تكاری گه‌ل بن. ز ـ كه‌مایه‌سیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی كوردستاندا مافی به‌شدارییان له‌ به‌رِێوه‌بردنی وه‌ڵات و بوونی ئه‌ندام له‌ پارلمانی كوردستاندا هه‌یه‌و ده‌بێ حكوومه‌تی كوردستان به‌ چاوی رێز له‌ كه‌مایه‌سیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كان برِوانێ و مافه‌كانیان به‌ ره‌سمی بناسێ. ح ـ ژن و پیاو له‌ یاسای هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن بۆ پارله‌مان و به‌رێوه‌به‌ری حكومه‌ت یه‌كسانن و جیاوازییان نیه‌. گ ـ زمانی ره‌سمیی حكوومه‌تی كوردستان له‌ هه‌موو ئیداره‌و ئۆرگانه‌كانی ده‌وڵه‌تیدا، كوردییه‌. زمانی فارسی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی له‌ مه‌دره‌سه‌و ناوه‌نده‌كانی خوێندندا بخوێندرێ و گرینگی به‌ زمانی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان بدرێ. ی ـ دانیشتوانی كوردستان له‌ دیاریكردنی شوێنی ژیان سه‌ربه‌ستن و له‌ هه‌ڵبژاردنی كار و ئه‌ركی رۆژانه‌یان ئازادن به‌ مه‌رجێك زیان به‌ مه‌سڵه‌حه‌ت و قازانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌گه‌یێنێ.

ئامانجه‌ ئابووریه‌كان

الف ـ ئێران له‌باری ئابووریه‌وه‌، دووره‌ له‌و به‌رنامه‌ ئابووریه‌ی كه‌ له‌وه‌ڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندووی جیهاندا هه‌یه‌وپه‌یره‌و ده‌كرێ. وه‌ڵاتی ئێران له‌پێوه‌ند به‌ سامانه‌ سرووشتیه‌كانی وه‌ك نه‌وت و گاز و ئاو، ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ڵام ئه‌و سامانانه‌ وه‌ك پێویست و به‌شێوه‌ی زانستی كه‌ڵكیان لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیرێ، له‌ دزی و كرِینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و به‌رهه‌م هێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی و قه‌ده‌غه‌ كراو پشتیوانی ترۆریزم و ئاژاوه‌گێرِی له‌ وه‌ڵاتانی دیكه‌، به‌ فیرِۆ ده‌چێ. ده‌وڵه‌تی هه‌ڵبژێردراو له‌ئێران ده‌بێ داهاتی نه‌وت و گازو باقی سه‌رچاوه‌ سرووشتیه‌كان بۆ خزمه‌تی جه‌ماوه‌ر به‌كار بێنێ و دامه‌زراوه‌و كارخانه‌ی جۆراوجۆری پیشه‌سازی له‌ سه‌رانسه‌ری ئێراندا و به‌بێ جیاوازی دامه‌زرێنێ. ب ـ زه‌وی و پانتاییه‌كان به‌ جووتیاران ده‌درێ و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریه‌تی یارمه‌تی و هاوكاریی جووتیاران بكا، بۆ ئه‌وه‌ی جوتیاران به‌شێوه‌ی زانستیانه‌ به‌روبوومه‌كانیان به‌رهه‌م بێنن. سه‌رچاوه‌ سرووشتیه‌كانی وه‌ك: ئاو، له‌وه‌رِگه‌، لێرِه‌وار، هه‌وارگه‌كان، سامانی گشتین و ده‌بێ سوودیان بۆ تێكرِای جه‌ماوه‌ر بێ و هیچ ده‌سته‌و لایه‌نێك مافی نیه‌ به‌بیانووی خاوه‌نداریه‌تی ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرێ. ج ـ زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌ هه‌ژاریدا ده‌ژین، ئه‌ركی حكوومه‌تی كوردستانه‌ كه‌ هه‌وڵ بۆ باش كردنی ژیانی جه‌ماوه‌ری كوردستان بدات، ده‌بێ حكوومه‌تی ناوه‌ندیش له‌و پێوه‌ندیه‌دا بودجه‌و پووڵی پێویست بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زه‌ره‌رو زیانه‌كان و لاچوونی هه‌ژاری و برسیه‌تی له‌ كوردستان ته‌رخان بكا. هه‌روه‌ها حكوومه‌تی كوردستان ده‌بێ هاوكاریی سه‌رمایه‌داران بكات تا بتوانن به‌ئاسانی دامه‌زراوه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی له‌ كوردستان دامه‌زرێنن و رێگه‌ خۆش بكات بۆ هاتنی سه‌رمایه‌دارانی خارجی، بۆ ئه‌وه‌ی ئابووریی كوردستان گه‌شه‌ بكا. د ـ حكوومه‌تی كوردستان بۆ گه‌شه‌پێدانی كشت و كاڵ پێویسته‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یێك یارمه‌تیی جووتیاران بدا و قه‌رزیان بداتێ تا ئامێری كشت وكاڵی پێ دابین بكه‌ن. هه‌روه‌ها حكوومه‌ت ده‌بێ به‌رهه‌مه‌كانی جووتیاران به‌نرخی باش بكرِێته‌وه‌و ئه‌ندازیار و شاره‌زا و پسپۆرِی كه‌شاوه‌رزی و ئاژه‌ڵداری به‌خۆرِایی بۆ چاوه‌دێری كشت و كاڵ و باغه‌كان و ئاژه‌ڵه‌كان راسپێرێ. و ده‌بێ كه‌شاوه‌رزان و باغداران و ئاژه‌ڵداران باربێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ زانستیه‌كان كاری كشت وكاڵ و باغه‌وانی و ئاژه‌ڵداری بكه‌ن. ده‌رمان رشتن و كوتان و چاره‌سه‌ر كردنی نه‌خۆشیه‌كانیش له‌ئه‌ستۆی حكوومه‌تی كوردستانه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ووشكه‌ساڵیدا هاوكاریی ئاژه‌ڵداران بكرێ و له‌وه‌رِ بۆ ئاژه‌ڵه‌كان به‌نرخی كه‌م له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشت و كاڵه‌وه‌ دابین بكرێ. ئامانجه‌ فه‌رهه‌نگیه‌كان: الف ـ پێویسته‌ حكوومه‌تی كوردستان بۆ زیندوو راگرتن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌ مێژوویی و فه‌رهه‌نگیه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری و زانیاری له‌كوردستان، هه‌نگاوی كاریگه‌ر هه‌ڵگرێ و هاوكاری و یارمه‌تیی پێویست بۆ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ته‌رخان بكرێ و ناوه‌ندی جیاجیایان بۆ دامه‌زرێندرێ و گرینگی بدات به‌ كتێب و نووسراوه‌كان و رۆژنامه‌نووسان و به‌رهه‌مه‌كانیان. دابین كردنی ئازادیی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی ئه‌ركێكی گرینگی سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌بێ به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان به‌هێند بگرێ و هه‌وڵ بدرێ سینه‌ما و شانۆ گه‌شه‌ بستێنێ و یارمه‌تیی به‌رهه‌م هێنه‌رانی سینه‌مایی و ته‌له‌فزیۆنی بدرێ تا سه‌ربه‌ستانه‌و به‌بێ كه‌م و كورِی ئه‌ركه‌كانیان كه‌ بۆ خزمه‌تی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییه‌، به‌ره‌وپێش به‌رن. ب ـ خوێندنی سه‌ره‌تایی ئیجباریه‌و حكومه‌تی كوردستان ده‌بێ هاوكاریی خوێندكاران بكا تا كۆتایی هاتنی خوێندنی دواناوه‌ندی (ده‌بیرستان)، و قه‌رز بدا به‌ خوێندكارانی زانستگاكان و په‌یمانگاكان و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌وره‌ سالانه‌ی ئاره‌زووی خوێندنیان هه‌یه‌ هاوكاری بكرێن. ج ـ پێویسته‌ دانشگا و ناوه‌نده‌كانی زانستی و خوێندن له‌كوردستان گرینگییان پێ بدرێ و ئوستادانی دانشگا و مامۆستایانی مه‌دره‌سه‌كان، مووچه‌ی شیاو و مانگانه‌ی ته‌واویان بدرێتێ. هه‌روه‌ها حكومه‌ت هاوكاری خوێندكارانی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بكا بۆ فێربوونی زمانی كوردی. دانشگاكان و مه‌دره‌سه‌كان، زانست و عیلمی سه‌رده‌میانه‌یان تێدا بخوێندرێ و هه‌موو مه‌دره‌سه‌و دانشگاكان، تێكرِای كه‌ل و په‌ل و پێداویستیه‌كانیان بۆ خوێندن، وه‌ك كتێبخانه‌ و كامپیوتێر و ژووری تاقیكردنه‌وه‌ و ژووری میكانیكی و پیشه‌سازی تێدا دامه‌زرێندرێ و رێگه‌ نه‌درێ له‌ مه‌دره‌سه‌و دانشگا بێ رێزی به‌ مامۆستا و خوێندكار و قوتابی بكرێ. هه‌ر وه‌ها حكومه‌تی كوردستان یارمه‌تی دانشجۆكان بدات بۆ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات. د ـ پێویسته‌ حكوومه‌تی كوردستان هاوكاریی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و باقی دینه‌كانی دیكه‌ بكا و یارمه‌تیی و چاودێری مه‌دره‌سه‌ و ناوه‌نده‌ دینیه‌كان بكا. موچه‌ و كۆمه‌گی شیاو بۆ مامۆستایانی ئایینیی كوردستان ته‌رخان بكرێ. هه‌روه‌ها ده‌بێ رێز بۆ ناوه‌نده‌كان و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی ئایین و مه‌زهه‌به‌ جۆراوجۆره‌كان داندرێ و حكوومه‌ت چاودێری و هاوكارییان بكا. كار و باری ته‌ندرووستی و كۆمه‌ڵایه‌تی: الف ـ حكوومه‌تی كوردستان له‌ دامه‌زراندنی نه‌خۆشخانه‌و ده‌رمانگا، له‌ شارو دێهاته‌كانی كوردستان به‌رپرسه‌ و ده‌بێ تاكه‌كانی كوردستان بیمه‌ی ده‌رمانی بكرێن و تیماركردن و پێرِاگه‌یشتن به‌ نه‌خۆش به‌ نرخێكی زۆر كه‌م بێ و بۆ منداڵان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی كوردستان و كه‌م ئه‌ندامان به‌خۆرِایی بێ. ب ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران باوه‌رِی وایه‌ كه‌ له‌ كۆن تا ئێستا به‌ هۆی باری ناله‌باری ژیان و هه‌روه‌ها شێوه‌ی خراپی بار هاتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریته‌ ناله‌باره‌كان، زوڵم و زۆری له‌ راده‌به‌ده‌ر له‌ منداڵان و لاوان كراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ بۆ پاراستن و ده‌سته‌به‌ركرانی ماف و ئازادیه‌كان و خۆشگوزه‌رانی منداڵان و لاوان هه‌وڵی كاریگه‌ر و جیددی بدرێ و رێگه‌ نه‌درێ هیچ كه‌س و هیچ ده‌سته‌یێك منداڵان و لاوان بچه‌وسێننه‌وه‌ و به‌ قازانجی خۆیان و به‌ زیانی منداڵان كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرن، و پێویسته‌ منداڵان له‌ باری خوێندن و بارهێنانی سه‌رده‌میانه‌، هه‌لی له‌ باریان بۆ دابین بكرێ و بتوانن وه‌ك نه‌وه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵ خزمه‌تی گه‌وره‌ به‌ گه‌ل و نیشتمان بكه‌ن. ج ـ سازمانی خه‌بات باوه‌رِی وایه‌ حكومه‌تی كوردستان بۆ ریشه‌كێش كردنی نه‌خۆشی ئیعتیاد و ئیدز و سه‌رجه‌م دیارده‌ نه‌شیاوه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان زۆر به‌ جیددی هه‌وڵ بدات. د ـ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی بژیوی هه‌ژارانی كوردستان ساڵانه‌ بودجه‌یێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی كوردستانه‌وه‌ دیاری بكرێ و به‌ چاودێری به‌شی دارایی پارڵمان به‌ سه‌ریاندا دابه‌ش بكرێ. هه‌روه‌ها هه‌وڵ بدرێ هه‌لی كار بۆ بێكاران و هه‌ژاران بره‌خسێندرێ. ه ـ جاده‌ و رێگه‌وبان له‌كوردستان خراپه‌، حكوومه‌تی كوردستان ده‌بێ بۆ درووست كردنی جاده‌و رێگه‌وبان به‌شێوه‌ی سه‌رده‌میانه‌ هه‌نگاوی پێویست و به‌ په‌له‌ هه‌ڵگرێ و بودجه‌ و پووڵ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بكرێ. وـ ناوه‌نده‌كانی وه‌رزش له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان كه‌من، حكومه‌تی كوردستان ده‌بێ له‌ داهاتوودا له‌هه‌وڵی په‌ره‌پێدانیان بێ و هاوكاری وه‌رزشكاران بكا. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌: الف ـ حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌ئێران ده‌بێ له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سیاسه‌تی درووست و ئوسوولی و بێ لایه‌نانه‌ی هه‌بێ. هه‌وڵ بۆ ئاشتیی جیهانی بدا و سه‌ربه‌ستیی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و نیزامی ببێ. په‌یره‌وی سیاسه‌تی رێزگرتنی به‌رانبه‌ر بێ و قازانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌رچاو بگرێ. ب ـ حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێ ده‌ست له‌ كاروباری وه‌ڵاتان وه‌رنه‌دات و خۆی له‌كێشه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان دوور راگرێ و په‌نای مرۆڤه‌ سیاسی و لێقه‌وماوه‌كان بدات. پشتگیری خه‌باتی سیاسی و ئازادیخوازی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ بكا. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی پێبه‌ند نه‌بوو، نوێنه‌رانی خه‌ڵك كێشه‌كه‌ به‌ گه‌لاڵه‌یێك بداته‌ پارڵه‌مان. ج ـ حكوومه‌تی كوردستان مافی ده‌بێ یارمه‌تیی خوشك و براكانی كورد له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بدا و په‌نای سیاسییان له‌ ئێران و كوردستان بۆ ده‌سته‌به‌ر كا و به‌پێی توانا و به‌بێ ده‌ست تێوه‌ردان بۆ رزگارییان له‌ده‌ست سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ هاوكارییان بكا. د ـ دیپلۆماته‌ كورده‌كان له‌ سه‌فاره‌ت و ناوه‌نده‌كانی دیپلۆماسیی ئێران له‌ وه‌ڵاتانی جیهان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك نوێنه‌ر به‌شدار بن و ده‌بێ له‌ هه‌ل و مه‌رجی سیاسیه‌تی ده‌ره‌وییشدا حكوومه‌تی كوردستان ئاگاداریی هه‌بێ. په‌یره‌وی ناوخۆیی به‌ندی یه‌كه‌م: ناو پێناسه‌ی سازمان: الف ـ ناو: سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران ب ـ دانیشتوانی كوردستان به‌و مه‌رجانه‌ی له‌ به‌ندی دووهه‌مدا باسیان ده‌كرێ، ده‌توانن له‌ سازمانی خه‌باتدا ببن به‌ ئه‌ندام. ج ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌ و له‌سه‌ر باوه‌رِ به‌ ئازادی، تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی درێژه‌ پێ ده‌دا، بۆ گه‌یشتن به‌ مافی هاونیشتمانانی كوردستان. د ـ سازمانی خه‌بات ی كوردستانی ئێران، بۆ رزگاری كورد و ده‌سته‌به‌ركرانی ئازادی و رووخانی رژیمی ویلایه‌تی فه‌قیه‌ و دامه‌زرانی حكومه‌تێكی هه‌ڵبژێردراو و دیموكراتیك له‌ ئێران و ده‌سته‌به‌ركرانی مافه‌ ره‌واكانی هاونیشتمانانی كوردستان تێ ده‌كۆشێ. به‌ندی دووهه‌م: مه‌رجی ئه‌ندام بوون: الف ـ تێكرِای هاونیشتمانیانی كوردستان و هه‌موو كوردێكی دانیشتووی ئێران كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ ١٨ ساڵ كه‌متر نه‌بێ، ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندام، به‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌. ب ـ باوه‌رِی به‌ به‌رنامه‌و په‌یره‌وی ناوخۆیی سازمان هه‌بێ. ج ـ تێكۆشان و چالاكی له‌ یه‌كێك له‌ شانه‌كانی سازمانی خه‌باتدا هه‌بێ. یان پێوه‌ندی به‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌كانی سازمانه‌وه‌ هه‌بێ. د ـ مانگانه‌ی ئه‌ندامه‌تی بدا. ه ـ ده‌ست و دڵ پاك و شۆرِشگێرِ بێ و پێوه‌ندیی به‌ دژمنانی گه‌لی كورده‌وه‌ نه‌بێ و دژایه‌تیی ئایین و باوه‌ره‌ پیرۆزه‌كان نه‌كا و له‌ پێناو قازانجه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان تێ بكۆشێ. و ـ خائین به‌گه‌ل و جاسووس و به‌دناو و كۆنه‌په‌رست و ره‌گه‌زپه‌رست ناتوانن ببنه‌ ئه‌ندام له‌ سازمانی خه‌باتدا. ز ـ ئه‌وانه‌ی شیاوی ئه‌ندامه‌تین كاتێك ده‌توانن به‌ ئه‌ندام وه‌ربگیرێن كه‌ له‌لایه‌ن شانه‌ یان ئه‌ندامێكی له‌مێژینه‌ی سازمانه‌وه‌ بناسێندرێن. به‌ندی سێهه‌م: ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندام الف ـ به‌پێی په‌یره‌وی سازمان كاربكا و تێبكۆشێ. ب ـ نهێنی پارێز بێ له‌ هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێكدا. ج ـ سیاسه‌تی سازمان په‌ره‌ پێ بدا و بیباته‌ ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و ئێران و جیهان. د ـ هه‌وڵ بدا پله‌ی زانیاری به‌ره‌وسه‌ر به‌رێ و بۆ بردنه‌سه‌ری زانیاریی هاونیشتمانانی تێبكۆشێ. ه ـ راپۆرتی مانگانه‌ی خۆی بداته‌وه‌ به‌ ئۆرگانی سه‌ره‌وه‌تر. و ـ هه‌ر نه‌وعه‌ ناوچه‌گه‌رایی و فراكسیون و ده‌سته‌به‌ندی له‌ ریزه‌كانی سازمان به‌ خه‌یانه‌ت به‌ گه‌لی كورد و سازمانی خه‌بات بزانێ. ز ـ هه‌وڵ بدا دۆست و كه‌سانی چالاك بهێنێته‌ ریزه‌كانی سازمانی خه‌باته‌وه‌ و به‌ سیاسیه‌ت و به‌رنامه‌كانی سازمان ئاشنایان بكا. به‌ندی چواره‌م: مافه‌كانی ئه‌ندام الف ـ هه‌ر ئه‌ندامێك مافی پرسیار و نه‌زه‌ردان و ره‌خنه‌گرتنى له‌به‌رانبه‌ر هه‌موو به‌رپرس و ئۆرگانێكدا هه‌یه‌، له‌ رووبه‌رِوو حزووری. ب ـ هه‌موو ئه‌ندامێك ده‌توانێ خۆی بپاڵێوێ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و له‌ ده‌نگدانیشدا به‌شدار بێ. به‌لام هه‌ر ئه‌ندامێك ماوه‌ی دوو ساڵ خزمه‌تی له‌ ریزه‌كانی سازماندا هه‌بێ، ده‌توانێ خۆی بۆ ئه‌ندامێتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بپاڵێوێ. ج ـ ده‌بێ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچیی هه‌ر ئه‌ندامێك دوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسان بانگ بكرێ و قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ و سزاكه‌ی پێ راگه‌یێندرێ و گوێ له‌داواكانیشی بگیرێ. به‌ندی پێنجه‌م: سزادانی ئه‌ندام له‌ بێ نه‌زمیدا: الف ـ سه‌ركۆنه‌ كردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌كان. ب ـ وه‌رگرتنه‌وه‌ی به‌رپرسایه‌تی. ج ـ هه‌ڵ په‌ساردن و دوورخستنه‌وه‌ بۆماوه‌ی ٣ مانگ. د ـ ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كاریگه‌ر نه‌بوو، ده‌ركردن له‌ سازمان. به‌ندی شه‌شه‌م: قه‌واره‌ی سازمان: الف ـ ئۆرگانه‌كان به‌پێی هه‌ڵبژاردن ده‌بێ له‌خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ كه‌ مایه‌تی په‌یره‌وی زۆرینه‌ ده‌كات. ب ـ بۆ هه‌موو ئه‌ندامێك نه‌زم و نیزام وه‌ك یه‌كه‌و هه‌موویان ده‌بێ دسیپلین و رێ و شوێنه‌كانی ته‌شكیلاتی بپارێزن. ج ـ برِیاره‌كانی سازمان به‌ده‌نگی زۆرینه‌بێ و هیچ ئه‌ندامێك به‌ته‌نیا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووس ساز و گرینگه‌كان برِیار نه‌دات. به‌ندی حه‌وته‌م: سه‌ركردایه‌تی: رێبه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژێردراوی سازمان ١١ كه‌سه‌ كه‌ له‌ ٧ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و دوو جێگر و دوو راوێژكار پێك دێ و به‌رزترین ئۆرگانی به‌رِێوه‌به‌ری سازمانه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی كاتی كار و ئه‌ركه‌كانی سازمان به‌رِێوه‌ ده‌با و كاروباری سیاسی، نیزامی، ئیداری، ماڵی، ته‌بلیغات و چاپه‌مه‌نی و باقی ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌. لانیكه‌م مانگێ جارێك كۆبوونه‌وه‌ پێك دێنێ و هه‌روه‌ها شه‌ش مانگ و لانی زۆری ساڵێك پلۆنیۆم ده‌گرێ و سازمان هه‌ر ٣ ساڵ جارێك كۆنگره‌ ده‌به‌ستێ، ئه‌گه‌ر هه‌ل و مه‌رج موناسیب بوو. ئه‌گه‌ر كونگره‌ نه‌گیرا سه‌ركردایه‌تیی سازمان به‌پێی پێویست و به‌ بیرورِا گۆرِینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كان، برِیاری له‌ سه‌ر ده‌دا. سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی كۆنگره‌ نیه‌ و كۆنگره‌ ده‌توانێ رێبازی سازمان و هه‌ر نه‌وعه‌ ئاڵ و گۆرِێكی فیكری و تكنیكی له‌ سازماندا درووست بكا. به‌رپرسی رێكخراو و ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیه‌كانی سازمانی خه‌بات سیستماتیك پله‌ راوێژكاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندیان ده‌درێتێ. كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی،به‌رێوه‌به‌رى گشتى هه‌ڵده‌بژێرێ. به‌ندی هه‌شته‌م: چۆنیه‌تی رێكخراوو كۆمیته‌كان: ره‌گی رێكخراو شانه‌یه‌ كه‌ له‌ ٣ كه‌س كه‌متر نه‌بێ و له‌ پێنج كه‌س زیاتر نیه‌. له‌كۆی ٣ شانه‌ رێكخراو و كۆمیته‌ پێك دێ و له‌ كۆی چه‌ند كۆمیته‌ی ناوچه‌یی، كۆمیته‌ی شارستان پێك دێت. كۆمیته‌كان برِیارو راسپێردراوه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سازمان ده‌به‌نه‌ ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و جێ به‌جێی ده‌كه‌ن. كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سازمان یارمه‌تی و ئه‌ندامه‌تی مانگانه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگران له‌گه‌ڵ داهاته‌كانی دیكه‌ی سازمان به‌شێوه‌ی ئوسوولی، خه‌رجی سازمان و ئۆرگانه‌كانی ده‌كا و سه‌رپه‌رستی ئه‌و خه‌رجییانه‌ و داهاته‌كان ده‌كا.


سەرچاوەکان



652 بینین